Add parallel Print Page Options

کۆکراوەی بەشی یەکەم

زەبوورەکانی 1‏–41

خۆزگە دەخوازرێت بەو کەسەی
    بەپێی ڕاوێژی بەدکاران ناڕوات و
لە ڕێگای گوناهباران ڕاناوەستێت و
    لە کۆڕی گاڵتەجاڕان دانانیشێت.
بەڵکو ئارەزووی ئەو لە فێرکردنی[a] یەزدانە،
    شەو و ڕۆژ لە فێرکردنەکەی ورد دەبێتەوە.
وەک دارێک وایە کە لەدەم جۆگەی ئاو ڕوابێت و
    لە وەرزی خۆیدا بەرهەم بدات و
گەڵاکانی هەرگیز وشک نەبن،
    لە هەموو کارێک سەرکەوتوو دەبێت.

بێگومان بەدکاران وانین،
    بەڵکو وەک کا وان کاتێک با پەرشوبڵاوی دەکاتەوە.
بۆیە نە بەدکاران لەبەردەم دادوەری بێتاوانن،
    نە گوناهبارانیش لە کۆڕی ڕاستودروستان دادەنیشن.

چونکە یەزدان چاودێری ڕێگای ڕاستودروستان دەکات،
    بەڵام ڕێگای بەدکاران لەناودەچێت.
بۆچی نەتەوەکان دەوروژێن و
    گەلان پیلان لە شتی پووچ دەگێڕن؟
پاشایانی زەوی خۆیان ڕێک دەخەن،
    سەرۆکەکانیان پێکەوە کۆدەبنەوە
لە دژی یەزدان و مەسیحەکەی[b] و دەڵێن:
«با کۆتەکانیان بشکێنین و
    زنجیرەکانیان لە خۆمان بکەینەوە.»

ئەوەی لە ئاسمان دانیشتووە پێدەکەنێت،
    پەروەردگار گاڵتەیان پێ دەکات.
ئینجا بە تووڕەیی خۆی قسەیان بۆ دەکات،
    بە هەڵچوونی خۆی دەیانتۆقێنێت:
«من پاشای خۆمم لەسەر سییۆن[c] داناوە،
    لەسەر کێوی پیرۆزی خۆم.»
من فەرمانی یەزدانتان پێ ڕادەگەیەنم:
    پێی فەرمووم: «تۆ کوڕی منی،
    من ئەمڕۆ بوومە باوکت.
داوام لێ بکە، نەتەوەکان دەکەم بە میراتت،
    ئەوپەڕی زەوی دەکەم بە موڵکی تۆ.
بە گۆچانێکی ئاسنین دەیانشکێنیت و
    وەک گۆزەیەکی گڵین وردوخاشیان دەکەیت.»

10 بۆیە، ئەی پاشایان، وریابن،
    سەرۆکەکانی زەوی، ئاگاداربن.
11 بە ترسەوە یەزدان بپەرستن،
    بە لەرزەوە دڵخۆش بن.
12 کوڕەکە ماچ[d] بکەن، نەوەک تووڕە ببێت و
    لە ڕێگای خۆتان بفەوتێن،
چونکە تووڕەیی ئەو زوو دێتە جۆش.
    خۆزگە دەخوازرێ بە هەموو ئەوانەی پەنا دەبەنە بەر ئەو.

زەبوورێکی داودە کاتێک لە دەستی ئەبشالۆمی[e] کوڕی هەڵات.

ئەی یەزدان، دوژمنانم چەند زۆرن!
    چەند زۆرن لە دژم سەریان هەڵداوە!
زۆر کەس لەبارەی منەوە دەڵێن:
    «خودا ڕزگاری ناکات.»[f]

بەڵام تۆ ئەی یەزدان، قەڵغانی منیت،
    شکۆمەندی منیت و سەرم بەرز دەکەیتەوە.
پڕ بە دەنگم هاوار بۆ یەزدان دەکەم،
    ئەویش لە کێوی پیرۆزی خۆیەوە وەڵامم دەداتەوە.

ڕادەکشێم و دەخەوم،
    بەئاگادێمەوە چونکە یەزدان پشتگیریم دەکات.
لە دەیان هەزار کەس ناترسم،
    ئەوانەی دەوریان گرتووم.

ئەی یەزدان، ڕاپەڕە!
    ئەی خودای من، ڕزگارم بکە!
لە بناگوێی دوژمنەکانم بدە و
    کەڵبەی بەدکاران وردوخاش بکە.

ڕزگاری لە یەزدانەوەیە،
    با بەرەکەتەکەت لەسەر گەلەکەت بێت.

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئامێرە ژێدارەکان. زەبوورێکی داود

ئەی خودای ڕاستودروستم،
    کە لێت دەپاڕێمەوە وەڵامم بدەوە.
لە تەنگانەدا بە هانامەوە هاتی،
    لەگەڵم میهرەبان بە و گوێ لە نوێژەکەم بگرە.

ئەی خەڵکینە، هەتا کەی شکۆی من دەگۆڕن بە شورەیی؟
    هەتا کەی حەز لە قسەی پووچ دەکەن و بەدوای درۆدا دەگەڕێن؟[g]
بەڵام بزانن کە یەزدان پیاوی خۆشەویستی بۆ خۆی تەرخان کردووە.
    یەزدان گوێم لێ دەگرێت کاتێک لێی دەپاڕێمەوە.

کاتێک تووڕە دەبن، گوناه مەکەن،
    بەڵام کە لەسەر نوێنەکانتان
    لە دڵی خۆتاندا لێکی بدەنەوە و بێدەنگ بن.
قوربانی ڕاستودروست بکەن و
    پشت بە یەزدان ببەستن.

زۆر کەس دەڵێن: «کێ چاکەمان نیشان دەدات؟»
    ئەی یەزدان، با ڕووناکی ڕووی تۆ بەسەرماندا هەڵبێت[h].
تۆ خۆشییەکی وات خستووەتە دڵی منەوە
    زۆر لەوانە زیاترە کە دانەوێڵە و شەرابیان زۆرە.

ئەی یەزدان، بە ئاشتی پاڵ دەدەمەوە و دەخەوم،
    چونکە تەنها تۆ بە ئاسوودەیی نیشتەجێم دەکەیت.

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە شمشاڵ.

زەبوورێکی داود.

ئەی یەزدان، گوێ لە قسەکانم بگرە،
    لە ناڵەم وردبەرەوە.
گوێ لە هاوارم بگرە، ئەی پاشا و خودام،
    چونکە لێت دەپاڕێمەوە.

ئەی یەزدان، بەیانییان گوێ لە دەنگم دەگریت،
    بەیانییان خۆم ئامادە دەکەم بۆ نوێژکردن و چاوەڕێ دەکەم.
چونکە تۆ خودایەک نیت خراپەت پێ خۆش بێت،
    بەدکار لەگەڵت نیشتەجێ نابێت.
لووتبەرزەکان لەبەرچاوت ناوەستن،
    ڕقت لە هەموو بەدکارێک دەبێتەوە،
ئەوانەی بە درۆ قسە دەکەن تۆ لەناویان دەبەیت،
    یەزدان قێزی لە کەسی خوێنڕێژ و فێڵباز دەبێتەوە.
بەڵام من، بەهۆی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت، دێمە ناو ماڵی تۆ،
    بە ترسی تۆوە بەرەو پەرستگا پیرۆزەکەت کڕنۆش دەبەم.

ئەی یەزدان، لەبەر دوژمنەکانم بە ڕاستودروستی خۆت ڕێنماییم بکە،
    ڕێگای خۆت تەخت بکە لەپێشم.
چونکە لەسەر زمانی ئەوان قسەی ڕاست نییە،
    ناوەڕۆکیان لەناوچوونە،
قوڕگیان گۆڕێکی کراوەیە،
    زمانیان فێڵی لێ دەڕژێت.
10 ئەی خودایە، تاوانباریان بکە!
    با بکەونە ناو تۆڕی پیلانی خۆیانەوە،
لەبەر زۆری گوناهەکانیان دەریانبکە،
    چونکە لە دژی تۆ یاخی بوون.
11 بەڵام با هەموو ئەوانەی پەنا بە تۆ دەگرن دڵخۆش بن،
    با هەتاهەتایە گۆرانی شادی بڵێن.
دەیانخەیتە ژێر سێبەری خۆتەوە،
    هەتا هەموو ئەوانەی ناوی تۆیان خۆشدەوێت بە تۆ شاد بن.

12 چونکە ئەی یەزدان، تۆ ڕاستودروستان بەرەکەتدار دەکەیت،
    بە ڕەزامەندی خۆت وەک قەڵغان دەوریان دەدەیت.

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە قیسارە بە شێوەی شیمینیت[i]. زەبوورێکی داود.

ئەی یەزدان، لە کاتی تووڕەیی خۆت سەرزەنشتم مەکە،
    لە کاتی تووڕەییت تەمبێم مەکە.
ئەی یەزدان، لەگەڵم میهرەبان بە، چونکە داهێزراوم.
    ئەی یەزدان، چاکم بکەرەوە، چونکە ئێسقانەکانم ژان دەکات.
گیانم زۆر دەلەرزێت،
    هەتا کەی، ئەی یەزدان، هەتا کەی؟

ئەی یەزدان، بگەڕێوە و ژیانم ڕزگار بکە،
    بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دەربازم بکە.
چونکە یادکردنەوەی تۆ لە مردندا نییە.
    لە جیهانی مردووان[j] کێ ستایشت دەکات؟

ئەوەندەم ناڵاند شەکەت بووم!

هەموو شەوێک نوێنەکەم نوقومی فرمێسک دەکەم،
    جێگاکەم تەڕ دەکەم.
چاوەکانم لە خەفەتان کز بوون،
    بەهۆی دوژمنەکانمەوە بێهێز بوون.

ئەی هەموو بەدکاران، لێم دوور بکەونەوە،
    چونکە یەزدان گوێی لە دەنگی گریانم بووە،
یەزدان گوێی لە پاڕانەوەم بووە،
    یەزدان نوێژم وەردەگرێت.
10 هەموو دوژمنەکانم بە توندی شەرمەزار و ڕیسوا دەبن،
    لەناکاو سەرشۆڕی دایاندەگرێت و شەرمەزار دەبن.

لاواندنەوەی داود بەرامبەر بە وتەکانی کوشی بنیامینی بە گۆرانی بۆ یەزدان گوتوویەتی.

ئەی یەزدان، خودای من، پەنا دەهێنمە بەر تۆ،
    لەوانەی ڕاوم دەنێن ڕزگارم بکە و دەربازم بکە،
ئەگینا وەک شێر پەلامارم دەدەن،
    پارچەپارچەم دەکەن و کەسیش نییە دەربازم بکات.

ئەی یەزدان، خودای من، ئەگەر من وام کردووە،
    ئەگەر دەستەکانم ناڕەوایەتییان کردووە،
ئەگەر خراپەم کردووە دەرهەق بەوەی بە ئاشتی لەگەڵمدا دەژیێت،
    یان بەبێ هۆ دوژمنەکەمم تاڵان کردووە،
با دوژمن ڕاوم بنێت و پێشم لێ بگرێت،
    با ژیانم پێشێل بکات لەسەر زەوی و
    شکۆمەندیم بکەوێتە سەر زەوی.[k]

ئەی یەزدان، لە تووڕەیی خۆت ڕاپەڕە،
    لە دژی قینی دوژمنەکانم ڕاستبەرەوە.
    ئەی خودای من هەستە، فەرمان بکە بۆ دادپەروەری.
کۆڕی گەلان لە دەوری خۆت ببەستە و
    لە بەرزاییەوە فەرمانڕەوایەتییان لەسەر بکە.
با یەزدان دادوەری گەلان بکات.
    ئەی یەزدان، بەگوێرەی ڕاستودروستییەکەم بێتاوانیم دەربخە،
    بەگوێرەی دروستییەکەم.
ئەی خودای ڕاستودروست،
    کە مێشک و دڵەکان دەپشکنی،
خراپەی بەدکاران مەهێڵە،
    بەڵام ڕاستودروستان بچەسپێنە.

10 خودا قەڵغانی منە،
    ئەوەی دڵڕاستەکان ڕزگار دەکات،
11 خودا دادوەرێکی ڕاستودروستە،
    هەموو ڕۆژێکیش تووڕە دەبێت.
12 ئەگەر کەسێک نەگەڕێتەوە،
    خودا شمشێرەکەی خۆی تیژ دەکات،
    کەوانەکەی دەچەمێنێتەوە و ژێیەکەی توند دەکات.
13 چەکی کوشندەی خۆی ئامادە کردووە،
    تیرەکانی کردووەتە تیری ئاگرین.

14 ببینە کەسی بەدکار بە خراپەوە ژانی گرتووە،
    بە ئاژاوە سکی پڕ بووە و درۆی دەبێت.
15 چاڵێک هەڵدەکەنێت و قووڵی دەکات،
    بەڵام خۆی دەکەوێتە ئەو گۆڕەی هەڵیکەندووە.
16 ئاژاوەکەی بەسەر سەری خۆیدا دەگەڕێتەوە و
    توندوتیژییەکەشی بەسەر سەری خۆیدا دەبارێت.

17 ستایشی یەزدان دەکەم بۆ ڕاستودروستییەکەی،
    گۆرانی ستایش دەڵێم بۆ ناوی یەزدانی هەرەبەرز.

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی گتیت[l].

زەبوورێکی داود.

ئەی یەزدانی پەروەردگارمان،
    ناوت لە سەراپای زەویدا چەند شکۆدارە!

تۆ شکۆمەندی خۆتت خستووەتە سەرووی ئاسمان.
بە ستایشی منداڵان و شیرەخۆران
    هێزت بۆ خۆت دامەزراندووە لە دژی ناحەزەکانت،
    هەتا دوژمنە تۆڵەسێنەرەکانی پێ دەمکوت بکەیتەوە.
کاتێک تەماشای ئاسمانت دەکەم،
    کە پەنجەکانی تۆ دروستی کردووە،
    مانگ و ئەستێرەکان، کە تۆ لەوێ داتناون،
مرۆڤ چییە تاکو بیری لێ بکەیتەوە؟
    کوڕی مرۆڤ چییە تاکو بایەخی پێبدەیت؟

کەمێک لە فریشتەکانت[m] بە کەمتر دانا و
    تاجی شکۆ و ڕێزت خستە سەری.
دەسەڵاتت داوەتێ بەسەر هەموو دەستکردی خۆتدا،
    تۆ هەموو شتێکت خستووەتە ژێر پێی ئەو:
هەموو مەڕ و مانگاکان،
    هەروەها ئاژەڵی کێوی،
باڵندەی ئاسمان و ماسی دەریا و
    هەرچی لەناو دەریادا دەژی.

ئەی یەزدانی پەروەردگارمان،
    ناوت لە سەراپای زەویدا چەند شکۆدارە!

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی «مردنی کوڕەکە». زەبوورێکی داود.

ئەی یەزدان، بە هەموو دڵەوە ستایشت دەکەم،
    هەموو کارە سەرسوڕهێنەرەکانت ڕادەگەیەنم.
بە تۆوە شاد و دڵخۆش دەبم،
    ئەی هەرەبەرز، گۆرانی ستایش بۆ ناوی تۆ دەڵێم.

کاتێک دوژمنەکانم بەرەو پاش هەڵدێن،
    لەبەردەمی تۆدا دەکەون و لەناودەچن.
چونکە دادپەروەرانە دادوەریت بۆ کردووم،
    دادوەرێکی ڕاستودروستی لەسەر تەختی خۆت دانیشتووی.
تۆ نەتەوەکانت سەرزەنشت کردووە و بەدکارانت لەناوبردووە،
    هەتاهەتایە ناویانت سڕیوەتەوە.
دوژمنانت تووشی لەناوچوونی بێ کۆتایی کردووە،
    شارەکانیان وێران کردووە،
    تەنانەت بیرەوەرییان نامێنێت.

بەڵام یەزدان هەتاهەتایە دادەنیشێت،
    تەختی خۆی بۆ دادوەری دامەزراندووە.
بە ڕاستودروستی دادوەری جیهان دەکات،
    بە دادپەروەری گەلان حوکم دەدات.
یەزدان پەناگای زۆرلێکراوانە،
    قەڵایە لە کاتی تەنگانەدا.
10 ئەوانەی بە ناوی تۆ ئاشنان[n] پشتت پێ دەبەستن،
    چونکە ئەی یەزدان، قەت تۆ وازت لەوانە نەهێناوە کە حەز دەکەن لە تۆ نزیک ببنەوە.

11 گۆرانی ستایش بڵێن بۆ یەزدان کە لە سییۆن[o] نیشتەجێیە،
    لەنێو نەتەوەکان کردارەکانی ڕابگەیەنن.
12 چونکە ئەوەی تۆڵەی خوێن دەکاتەوە یادی دەکرێتەوە،
    هاواری ستەملێکراوان لەبیرناکات.

13 ئەی یەزدان، ببینە چ ئازارێک بەدەست دوژمنەکانمەوە دەکێشم!
    لەگەڵم میهرەبان بە و لە دەروازەکانی مردن ڕزگارم بکە[p]،
14 تاکو لەبەردەم دەروازەکانی سییۆنی کچ[q] بە ستایشی تۆوە بدوێم،
    هەروەها بە ڕزگاریی تۆوە دڵخۆش بم.

15 نەتەوەکان کەوتوونەتە ئەو چاڵەی کە خۆیان هەڵیانکەندبوو،
    پێیان بەو تۆڕەوە بووە کە نابوویانەوە.
16 یەزدان بە دادپەروەری ناسراوە،
    بەدکارەکان دەکەونە داوی کردەوەی دەستی خۆیان.[r]
17 بەدکارەکان بەرەو جیهانی مردووان. دەڕۆن،
    هەموو ئەو نەتەوانەی کە خودا لەبیر دەکەن.
18 بەڵام نەداران هەتاسەر لەبیر ناکرێن،
    ئومێدی ستەملێکراو هەتاهەتایە لەناو ناچێت.

19 ئەی یەزدان ڕاپەڕە، مەهێڵە مرۆڤ سەربکەوێت،
    با نەتەوەکان لەبەردەم تۆ دادگایی بکرێن.
20 ئەی یەزدان، ترس بخەرە دڵیانەوە،
    با نەتەوەکان بزانن کە تەنها مرۆڤن.
10 ئەی یەزدان، بۆچی لە دوورەوە وەستاویت؟
    بۆچی لە کاتی تەنگانە خۆت دەشاریتەوە؟

بەدکاران لە لووتبەرزییان ڕاوی هەژار دەکەن،
    گرفتاری ئەو پیلانەیان دەکەن کە بۆیان دادەنێن.
چونکە کەسی بەدکار شانازی بە ئارەزووە خراپەکانی دڵییەوە دەکات،
    داوای بەرەکەت بۆ چاوبرسی دەکات و کفر بە یەزدان دەکات.
بەدکار لە لووتبەرزی خۆی باکی بە یەزدان نییە،
    هەموو بیرکردنەوەی ئەوەیە کە: «خودا نییە.»
هەمیشە ڕێگاکانی سەرکەوتووە،
    لە حوکمەکانی خودا ناگات،
    ناحەزەکانی خۆی بە هیچ دەزانێت.
لە دڵی خۆیدا دەڵێت: «هیچ شتێک ناملەقێنێت،
    هەموو کاتێک دڵخۆش دەبم و هەرگیز تووشی بەڵا نابم.»

دەمی پڕە لە نەفرەت و درۆ و هەڕەشە،
    بەڵا و گوناه لەبن زمانیەتی.
لە نزیکی گوندەکان بۆسە دادەنێت،
    خۆی دەشارێتەوە بۆ کوشتنی بێتاوانان.
وەک شێر خۆی مات دەکات،
    خۆی مات دەکات بۆ گرتنی بەستەزمانان،
    بەستەزمانان گرفتاری ئەو داوە دەکات کە بۆی ناونەتەوە و ڕاپێچیان دەکات.
10 نێچیرەکانی وردوخاش دەکات، دەڕووخێن،
    دەکەونە ژێر هێزی ئەوەوە.
11 لە دڵی خۆیدا دەڵێت: «خودا ئاگای لێ نییە،
    چاوی خۆی نوقاندووە و هەرگیز نامبینێت.»

12 ئەی یەزدان، ڕاپەڕە! ئەی خودایە، دەستت بەرز بکەرەوە،
    ستەملێکراوان لەبیر مەکە.
13 چۆن دەبێت کەسی بەدکار کفر بە خودا بکات؟
    بۆچی لە دڵی خۆیدا بڵێت: «خودا لێم ناپێچێتەوە؟»
14 بەڵام تۆ ئەی خودایە، ئازار و تەنگانە دەبینیت،
    لێت دیارە و کاردانەوەت هەیە،
ستەملێکراوان خۆیان داوەتە دەستی تۆ،
    تۆش هەمیشە یارمەتیدەری هەتیوانیت.
15 بازووی بەدکاران و خراپەکاران بشکێنە،
    تەنانەت لەسەر ئەو خراپانەش لێیان بپێچەوە کە نابینرێن.

16 یەزدان پاشایە هەتاهەتایە،
    نەتەوەکان لە خاکەکەی لەناودەچن.
17 ئەی یەزدان، تۆ گوێ لە داواکاری ستەملێکراوان دەگریت،
    دڵیان دەچەسپێنی و گوێیان لێ دەگریت،
18 بۆ پارێزگاری لە هەتیوان و زۆرلێکراوان،
    تاکو لەمەولا مرۆڤی سەر زەوی نەیان ترسێنێت.

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان،

زەبوورێکی داود.

11 من پەنا دەبەمە بەر یەزدان،
    ئیتر چۆن پێم دەڵێن:
    «وەک باڵدار بەرەو چیاکانت هەڵفرە.
چونکە ئەوەتا بەدکاران کەوان ڕادەکێشن و
    تیر دەخەنە بەر کەوان،
    بۆ ئەوەی لە تاریکییەوە دڵڕاستان بپێکن.
کاتێک بنچینەکان بڕووخێن،
    کەسی ڕاستودروست چی دەکات؟»

یەزدان لە پەرستگای پیرۆزی خۆیەتی،
    تەختی یەزدان لە ئاسمانە،
تەماشای کوڕانی مرۆڤ دەکات و
    چاوەکانی تاقییان دەکاتەوە.
یەزدان کەسی ڕاستودروست تاقی دەکاتەوە،
    بەڵام لە دڵەوە ڕقی لە خراپەکار و خۆشەویستانی توندوتیژییە.
پشکۆی ئاگر و گۆگرد بەسەر بەدکارەکاندا دەبارێنێت،
    گڕەی بای سووتێنەر بەشیانە.

لەبەر ئەوەی یەزدان ڕاستودروستە و
    حەزی لە دادپەروەرییە،
    کەسی سەرڕاست تەماشای ڕووی خۆی دەکات.

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە شێوەی شیمینیت[s]. زەبوورێکی داود.

12 ئەی یەزدان، ڕزگارمان بکە، چونکە کەسی خواناس نەماوە،
    چونکە لەناو ئادەمیزادان دڵسۆز نەماوە.
هەمووان درۆ لەگەڵ یەکتر دەکەن،
    بە لێوی ڕیایی و دڵی ساختەوە قسە دەکەن.

یەزدان هەموو لێوە ڕیاییکەرەکان دەبڕێت،
    هەموو ئەو زمانانەی بە فیزەوە دەدوێن،
ئەوانەی دەڵێن: «بە زمانی خۆمان زاڵ دەبین،
    بە لێوی خۆمان سەرکەوتوو دەبین.
    کێ هەیە ببێت بە گەورەمان؟»

یەزدان دەڵێت: «لەبەر ستەمکاری لە هەژاران و
    ناڵەی کڵۆڵان، ئێستا ڕادەپەڕم،
    ئەو ئاسوودەییەیان دەدەمێ، لەوانەی پەستیان دەکەن.»
وتەکانی یەزدان وتەی پاکن،
    وەک ئەو زیوەیە لە بۆتەی گڵین پاڵێورابێت،
    حەوت جار پاڵێوراوە.

ئەی یەزدان، دەمانپارێزیت و
    هەتاهەتایە لەم جۆرە کەسانە پاسمان دەکەیت.
بەدکارەکان بە هەموو لایەکدا بە ئازادی دەگەڕێن،
    کاتێک خەڵکی بە شان و باڵی خراپەدا هەڵدەدەن.

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان،

زەبوورێکی داود.

13 ئەی یەزدان، هەتا کەی؟ بە تەواوی لەبیرم دەکەیت؟
    هەتا کەی ڕووی خۆتم لێ وەردەگێڕیت؟
هەتا کەی ڕۆژانە دەروونم ڕاڕا بێت و
    خەفەت لەناو دڵم کۆبکەمەوە؟
    هەتا کەی دوژمنم بەسەرمدا زاڵ بێت؟

ئەی یەزدان، خودای من، سەیرم بکە و بە دەنگمەوە وەرە،
    چاوم ڕۆشن بکەرەوە، نەوەک خەوی مەرگم لێبکەوێت،
نەوەک دوژمن بڵێت: «بەسەریدا زاڵ بووم،»
    نەوەک ناحەزەکانم بە کەوتنی من شادمان بن.

بەڵام من پشتم بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بەستووە،
    دڵم بە ڕزگاریی تۆوە خۆشە.
سروود بۆ یەزدان دەڵێم،
    چونکە چاکەی لەگەڵ کردووم.

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان،

زەبوورێکی داود.

14 گێل[t] لە دڵی خۆیدا دەڵێت: «خودا نییە.»
    ئەوانە گەندەڵن و کردەوەکانیان پیسە،
    کەس نییە چاکە بکات.

یەزدان لە ئاسمانەوە سەیری ئادەمیزاد دەکات،
    هەتا بزانێت کەس هەیە تێگەیشتوو بێت،
    کەس هەیە بەدوای خودا بگەڕێت.
هەموو ڕوویان وەرگێڕا،
    هەموو گەندەڵ بوون،
کەس نییە چاکە بکات،
    تەنانەت یەکێکیش نییە.

ئایا هەموو گوناهباران فێر نەبن؟

ئەوانەی وەک نان گەلەکەی من دەخۆن و
    ئەوانەی لە یەزدان ناپاڕێنەوە.
لەوێ ترسێکی گەورەیان لێ نیشت،
    چونکە خودا لەناو کۆڕی ڕاستودروستان ئامادەیە.
ئێوەی گوناهبار سووکایەتی بە بۆچوونی هەژاران دەکەن،
    بەڵام یەزدان پەناگای ئەوانە.

با ڕزگاریی ئیسرائیل لە سییۆنەوە[u] دەربکەوێت!
    کاتێک یەزدان گەلەکەی خۆی لە ڕاپێچکراوی دەگەڕێنێتەوە،
    با یاقوب شاد و ئیسرائیل دڵخۆش بێت!

زەبوورێکی داود.

15 ئەی یەزدان، کێ لە پیرۆزگای تۆ نیشتەجێ دەبێت؟
    کێ لەسەر کێوی پیرۆزی تۆ دەژیێت؟

ئەو کەسەی ڕێگای تەواو دەگرێت و
    ڕاستودروستی پەیڕەو دەکات،
لە دڵەوە بە ڕاستگۆیی قسە دەکات و
    بە زمانی بوختان ناکات،
کە خراپە لەگەڵ کەس ناکات و
    هاوڕێکەی شەرمەزار ناکات،
کە بە سووکایەتییەوە دەڕوانێتە خراپەکاران
    بەڵام ڕێزی ئەوانە دەگرێت کە ترسی یەزدانیان لە دڵدایە،
کە سوێندی خۆی بەجێدەهێنێت،
    ئەگەر ببێتە مایەی زەرەریش بۆی،
کە پارە بە سوود نادات و
    بەرتیل وەرناگرێت لە دژی پیاوی بێتاوان.

ئەوەی ئەم شتانە بکات،
    هەتاهەتایە جێی لەق نابێت.

پاڕانەوەیەکی داود.

16 ئەی خودایە، بمپارێزە،
    چونکە من پەنا دەهێنمە بەر تۆ.

بە یەزدانم گوت: «تۆ گەورەی منی،
    بێجگە لە تۆ هیچ شتێکی چاکم نییە.»
هەموو خۆشییەکم بە گەلە پیرۆزەکەیە کە لەناو خاکەکەن،
    ئەوانە شکۆدارن.
ئەوانەی بەدوای خوداوەندەکانی دیکە دەکەون،
    دەردیان زۆر دەبێت.
خوێنی قوربانییان بۆ ناڕێژم و
    ناویشیان لەسەر لێوم نابێت.

ئەی یەزدان، تۆ بەشە میرات و چارەنووسی منی،
    تۆ پشکی من دەستەبەر دەکەیت.
گوریس[v] کەوتە سەر چاکترین خاک بۆ بەشی من،
    بە ڕاستی میراتێکی دڵخۆشکەرم هەیە.
ستایشی یەزدان دەکەم کە ئامۆژگاریم دەکات،
    تەنانەت بە شەویش دڵم ڕێنماییم دەکات.
هەمیشە چاوم لەسەر یەزدانە،
    لەبەر ئەوەی لەلای دەستەڕاستمەوەیە، ناهەژێم.

بۆیە دڵشادم و گیانم خۆشحاڵە،
    تەنانەت جەستەم بە ئاسوودەیی نیشتەجێیە،
10 چونکە تۆ گیانم لە جیهانی مردوواندا بەجێناهێڵیت،
    هەروەها ڕێگا نادەیت ئەوەی تۆ پیرۆزت کردووە[w] لەناو گۆڕ بۆگەن بێت.
11 ڕێگای ژیانت پێ ناساندم،
    تێربوون لە شادی لە ئامادەبوونتدایە،
    خۆشحاڵی هەتاهەتایی لەلای دەستە ڕاستی تۆدایە.

نوێژێکی داود.

17 ئەی یەزدان، گوێ لە داواکاری ڕاستودروستی من بگرە،
    بایەخ بە هاوارم بدە،
گوێ لە نوێژەکەم بگرە،
    لە زاری بێ فێڵمەوە دەردەچێ.
ئەستۆپاکی من لەلای تۆوە دێت،
    چاوەکانت ڕاست و ڕێکی دەبینێت.

ئەگەر دڵم بپشکنیت و لە شەودا چاودێریم بکەیت،
    ئەگەر تاقیم بکەیتەوە، هیچ خراپەیەکم تێدا نابینیت،
    پێداگری دەکەم کە دەمم سنوور نەبەزێنێت.
سەبارەت بە کاری خەڵک، بە فەرمایشتی سەر لێوی تۆ،
    خۆم لە ڕێگای توندوتیژی پاراستووە.
هەنگاوم بە ڕێڕەوی تۆوە جێگیر بوو،
    پێم نەخلیسکاوە.

ئەی خودایە، لێت دەپاڕێمەوە، چونکە تۆ بە دەنگمەوە دێیت،
    گوێ بۆ پاڕانەوەکەم شل بکە و ببیستە.
جوانی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دەربخە،
    ئەی ئەوەی بە دەستە ڕاستت ئەوانە ڕزگار دەکەیت
    کە لەبەر دوژمنەکانیان پەنات بۆ دەهێنن.
وەک گلێنەی چاوت بمپارێزە،
    لەژێر سێبەری باڵەکانت بمشارەوە،
لەو بەدکارانەی هێرشم دەکەنە سەر،
    لەو دوژمنە بکوژانەی دەوریان داوم.

10 دڵە بەردینەکانیان داخستووە،
    بە دەمیش لاف لێدەدەن.
11 شوێن پێم دەکەون، وا دەوریان داوم،
    چاویان لەوەیە بە زەویم دا بدەن.
12 وەک شێرێکن کە برسی پەلاماردانە،
    وەک بەچکە شێرێک خۆی لە بۆسە نابێت.

13 ئەی یەزدان ڕاپەڕە، لە ڕوویان بوەستەوە، بەریان بدەوە!
    بە شمشێری خۆت گیانم لە بەدکار ڕزگار بکە!
14 ئەی یەزدان، بە دەستی خۆت لەم جۆرە کەسانە ڕزگارم بکە،
    لە خەڵکی ئەم جیهانە کە بەشیان لەم ژیانەیە،
ورگیانت پڕکردووە لەو شتەی هەڵتگرتووە بۆیان،
    کوڕەکانیان تێر دەخۆن،
    ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ منداڵەکانیان جێی دەهێڵن.

15 بەڵام من بێتاوان دەبم و ڕووی تۆ دەبینم،
    کە بەئاگادێم تێر دەبم لە بینینی شێوەت.

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داودی بەندەی یەزدان. ئەم سروودەی بۆ یەزدان گوت، دوای ئەوەی یەزدان لە دەستی هەموو دوژمنەکانی و لە دەستی شاول ڕزگاری کرد. گوتی:

18 ئەی یەزدان، ئەی هێزی من، خۆشمدەوێی.

یەزدان تاشەبەردی[x] منە، قەڵا و دەربازکەرمە،
    خودام ئەو تاشەبەردەیە کە پەنای بۆ دەبەم،
    قەڵغان و هێزی ڕزگاریمە، پەناگای منە.

لە یەزدان دەپاڕێمەوە، ئەوەی کە شایانی ستایشە،
    لە دوژمنەکانم ڕزگار دەبم.
پەتی مەرگ شەتەکی داوم،
    لێشاوی لەناوچوون زەندەقی بردم.
پەتی جیهانی مردووان بە دەورمدا تەنراوە،
    داوی مردن لەبەردەمم دانراوە.

لە تەنگانەمدا لە یەزدان پاڕامەوە،
    هاوارم بردە بەر خودام،
لە پەرستگاکەیەوە گوێی لە دەنگی من بوو،
    هاوارم گەیشتە بەرگوێی.
ئینجا زەوی لەرزی و هەژا،
    بناغەی چیاکانیش ڕاژەنین،
    لە تووڕەیی ئەو لەرزین.
دووکەڵ لە لووتی بەرزبووەوە،
    ئاگرێکی لووشدەر لە دەمی هاتە دەرەوە،
    وەک ژیلەمۆی پشکۆی داگیرساو بوو.
ئاسمانی لێککردەوە و دابەزییە خوارەوە،
    هەوری تاریک لەژێر پێی بوو.
10 سواری کەڕوب[y] بوو و فڕی،
    بەسەر باڵی بادا بەرزبووەوە.
11 بە تاریکی خۆی داپۆشی و کردییە خێوەت لە دەوری خۆی،
    هەوری تاریکی پڕ بارانی ئاسمانی کردە چەتری خۆی.
12 لە ڕۆشنایی ئامادەبوونی ئەو هەورەکان بەرەو پێش چوون،
    تەرزە و پشکۆی ئاگریان لێ هاتە دەرەوە.
13 یەزدان لە ئاسمانەوە گرماندی،
    ئەو خودایەی هەرەبەرزە دەنگی خۆی لەرزاندەوە.
14 تیرەکانی هاویشت و بڵاوەی بە دوژمنەکانی کرد،
    بە بروسکەی گەورە پەرێشانی کردن.
15 ئەی یەزدان، بنی دەریا دەرکەوت،
    بناغەکانی زەوی ئاشکرا بوون،
لە سەرزەنشتی تۆ،
    لە گەرمی هەناسەی لووتی تۆ.

16 لە بەرزاییەوە دەستی درێژکرد و منی گرت،
    لەناو ئاوە قووڵەکانەوە دەریهێنام.
17 لە دوژمنە بە تواناکەم ڕزگاری کردم،
    لە ناحەزەکانم کە زۆر لە من بەهێزتر بوون.
18 لە ڕۆژی لێقەومانم هاتنە سەرم،
    بەڵام یەزدان پشت و پەنام بوو.
19 منی هێنایە دەرەوە بۆ جێگایەکی پان و بەرین،
    ڕزگاری کردم، چونکە دڵخۆشە پێم.

20 یەزدان بەگوێرەی ڕاستودروستیم پاداشتی داومەتەوە،
    بەگوێرەی دەستپاکیم ڕێزداری کردووم.
21 چونکە من ڕێچکەی یەزدانم گرتووەتەبەر،
    لە خودای خۆم یاخی نەبووم.
22 هەموو حوکمەکانی لەبەرچاومدان،
    لە فەرزەکانی لام نەداوە.
23 لەبەردەمی ئەو بێ کەموکوڕی بووم و
    خۆم لە گوناه پاراستووە.
24 یەزدان بەگوێرەی ڕاستودروستیم پاداشتی داومەتەوە،
    بەگوێرەی دەستپاکیم لەبەردەمی.

25 لەگەڵ دڵسۆزەکان دڵسۆزی دەنوێنیت،
    لەگەڵ ئەوانەی بێ کەموکوڕین چاکی دەنوێنیت،
26 لەگەڵ پاکەکان پاکی دەنوێنیت،
    بەڵام لەگەڵ خوارەکان زیرەکی دەنوێنیت.
27 تۆ خەڵکی بێفیز ڕزگار دەکەیت،
    بەڵام لووتی لووتبەرزان دەشکێنیت.[z]
28 ئەی یەزدان، تۆ چراکەم دادەگیرسێنیت،
    خودام تاریکیم ڕووناک دەکاتەوە.
29 بە یارمەتی تۆ دەتوانم لەشکرێک تێکبشکێنم،
    لەگەڵ خودای خۆم دەتوانم بەسەر شووراکاندا سەربکەوم.

30 ڕێبازی خودا تەواوە،
    بەڵێنی یەزدان بێگەردە،
    ئەو قەڵغانە بۆ هەموو ئەوانەی پەنای بۆ دەبەن.
31 چونکە لە یەزدان بەولاوە کێ خودایە؟
    لە خودامان بەولاوە کێ تاشەبەردەکەیە؟
32 خودایە ئەوەی کەمەری منی توند بەستووە،
    بە تەواوی ڕێگام لەبەردەمدا دەکاتەوە.
33 پێیەکانم وەک پێی ئاسک لێ دەکات،
    لەسەر بەرزایی ڕامدەگرێت.
34 مەشق بە دەستەکانم دەکات بۆ جەنگ،
    تاکو بتوانم بە بازووم کەوانی بڕۆنز بچەمێنمەوە.
35 قەڵغانی ڕزگاریی خۆتت پێ بەخشیوم،
    بە دەستی ڕاستت پشتم دەگریت،
    هاوکاریت گەورەم دەکات.
36 جێی هەنگاوەکانم تەخت و فراوان دەکەیت،
    تاکو پێم نەخلیسکێت.

37 دوژمنەکانم ڕاونا و پێشم لێ گرتن،
    هەتا لەناوم نەبردن نەگەڕامەوە.
38 وردوخاشم کردن، ئیتر نەیانتوانی هەستنەوە،
    لەژێر پێم کەوتن.
39 کەمەری منت توند کرد بۆ جەنگ،
    وات لە بەرهەڵستکارانی من کرد لەبەر پێم کڕنۆش ببەن.
40 دوژمنەکانم پشتیان تێ کردم و ڕایانکرد،
    من ناحەزەکانی خۆمم لەناوبرد.
41 هاواریان هێنا، بەڵام ڕزگارکەر نەبوو،
    هاواریان بۆ یەزدان برد، بەڵام بە دەنگیانەوە نەچوو.
42 وەک تۆزی بەر با منیان هاڕی،
    وەک قوڕی سەر ڕێگا پێشێلم کردن.
43 لە هێرشی گەل ڕزگارت کردم،
    تۆ منت کرد بە سەرۆکی نەتەوەکان،
    گەلێک کە نەمدەناسین خزمەتم دەکەن.
44 هەر کە دەنگم دەبیستن گوێڕایەڵم دەبن،
    بێگانەکان ملکەچیم بۆ دەنوێنن.
45 بێگانەکان ورە بەر دەدەن و
    بە لەرزەوە لە قەڵاکانیان دێنە دەرەوە.

46 یەزدان زیندووە، ستایش بۆ تاشەبەردەکەم!
    خودای ڕزگارکەرم پایەبەرزە!
47 خودایە کە تۆڵەم بۆ دەکاتەوە،
    گەلان دەخاتە ژێر ڕکێفم،
48     لە دوژمنەکانم ڕزگاری کردم.
پایەبەرزی کردم بەسەر ناحەزانم،
    لە دەست کەسە توندوتیژەکان ڕزگارت کردم.
49 لەبەر ئەوە ئەی یەزدان، لەنێو نەتەوەکاندا ستایشت دەکەم،
    گۆرانی ستایش بۆ ناوت دەڵێم.

50 سەرکەوتنی گەورە بە پاشای خۆی دەبەخشێت،
    خۆشەویستی نەگۆڕ بەسەر دەستنیشانکراوەکەیدا دەبارێنێت،
    بۆ سەر داود و نەوەکانی بۆ هەتاهەتایە.

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود.

19 ئاسمان باسی شکۆی خودا دەکات،
    گەردوون کارەکانی دەستی ڕادەگەیەنێت.
ڕۆژ لەدوای ڕۆژ وتەی بەرز دەبارێنن،
    شەو لەدوای شەو زانین ڕادەگەیەنن.
هیچ قسە و زمانێکیان نییە،
    دەنگیان نابیسترێت،
بەڵام پەیامیان دەگاتە هەموو زەوی،
    وتەکانیان بەوپەڕی جیهان.
لە ئاسمان چادری بۆ خۆر هەڵداوە،
    کە وەک زاوایەکە لە ژوورەکەی بێتە دەرەوە،
    وەک پاڵەوانێکە کە شادە بە ڕاکردن لە گۆڕەپان.
لەو سەری ئاسمانەوە هەڵدێت و
    دەسووڕێتەوە هەتا ئەو سەری،
    هیچ شتێک لەبەر گەرماییەکەی ناشاردرێتەوە.

فێرکردنی یەزدان تەواوە،
    دەروون دەبووژێنێتەوە.
شەریعەتی[aa] یەزدان جێی متمانەیە،
    ساویلکە دەکەنە دانا.
ڕێنمایی یەزدان دروستە،
    دڵ خۆش دەکات.
ڕاسپاردەی یەزدان پاکە،
    چاو ڕۆشن دەکات.
لەخواترسی بێگەردە،
    هەتاهەتایە سەقامگیرە.
حوکمی یەزدان ڕاستە،
    بە تەواوی ڕاستودروستە.

10 ئەوانە لە زێڕ دڵگیرترن،
    لە زێڕی بێگەردی زۆر،
لە هەنگوین شیرینترن،
    لە دڵۆپی شانەی هەنگوین.
11 خزمەتکارەکەت بەوانە ئاگادار کراوەتەوە،
    پەیڕەوکردنیان پاداشتی زۆرە.
12 کێ لە هەڵەکانی خۆی تێدەگات؟
    گوناهە شاراوەکانم ببەخشە.
13 خزمەتکارەکەت لە گوناهی یاخیبوون بپارێزە،
    وا مەکە بەسەرمدا زاڵبێت.
ئیتر بێ کەموکوڕی دەبم،
    لە گوناهی گەورە بێبەری دەبم.

14 با قسەی دەم و لێکدانەوەی دڵم
    جێی ڕەزامەندی تۆ بێت،
    ئەی یەزدان، تاشەبەردی من و ڕزگارکەرم[ab].

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود.

20 با یەزدان لە ڕۆژی تەنگانەدا بە دەنگتەوە بێت،
    با ناوی خودای یاقوب بتپارێزێت.
با لە پیرۆزگاکەیەوە یارمەتیت بۆ بنێرێت و
    لە سییۆنەوە پشتگیریت بکات.
با هەموو قوربانییەکانی تۆی لەبیربێت و
    هەموو قوربانی سووتاندنەکانی تۆ قبوڵ بکات.[ac]
با ئارەزووی دڵت بهێنێتە دی و
    هەموو مەبەستەکانت بە ئەنجام بگەیەنێت.
هەلهەلە لێدەدەین بۆ ڕزگاربوونت و
    بە ناوی خودامانەوە ئاڵا بەرز دەکەینەوە.

با یەزدان هەموو داواکارییەکانت بەجێبهێنێت.

ئێستا زانیم کە یەزدان دەستنیشانکراوەکەی[ad] ڕزگار دەکات،
    لە پیرۆزگا ئاسمانییەکەی خۆیەوە بە دەنگییەوە دێت،
    بە توانای ڕزگاریی دەستە ڕاستی.
هەندێک شانازی بە گالیسکە دەکەن و هەندێک بە ئەسپ،
    بەڵام ئێمە شانازی بە ناوی یەزدانی پەروەردگارمان دەکەین.
ئەوان چەمانەوە و کەوتن،
    بەڵام ئێمە هەستاین و چەسپاین.
ئەی یەزدان، پاشا ڕزگار بکە!
    کە لێت دەپاڕێینەوە بەدەنگمانەوە وەرە!

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان،

زەبوورێکی داود.

21 ئەی یەزدان، پاشا بە هێزی تۆ شادمان دەبێت.
    چەند دڵخۆشە بەو ڕزگارییەی پێت بەخشیوە!

ئارەزووی دڵیت پێ بەخشیوە و
    لە داواکارییەکانی زمانیت ڕانەگرتووە.[ae]
بە بەرەکەتێکی زۆرەوە پێشوازیت لێکرد و
    تاجێکی زێڕی بێگەردت لە سەری کرد.
داوای ژیانی لێکردیت، پێت بەخشی،
    ڕۆژگاری درێژی هەتاهەتاییە.
بەو ڕزگارییەی کە پێت داوە، شکۆمەندییەکەی مەزنە،
    تۆ شکۆمەندی و پایەبەرزیت پێ بەخشیوە.
چونکە بەرەکەتێکی بێ کۆتاییت داوەتێ،
    بە خۆشی دیداری خۆت شادی دەکەیت.
چونکە پاشا پشت بە یەزدان دەبەستێت،
    بە خۆشەویستی نەگۆڕی خودای هەرەبەرزە هەرگیز نالەقێت.

دەستت بەسەر هەموو دوژمنەکانتدا دەڕوات،
    دەستی ڕاستت بەسەر ناحەزانت.
کە دەردەکەویت وەک تەنوورێکی بڵێسەداریان لێ دەکەیت،
    لە تووڕەییدا یەزدان هەڵیاندەلووشێت،
    ئاگریش دەیانخوات.
10 ڕەچەڵەکیان لەسەر زەوی لەناودەبەیت،
    نەوەیان لەناو ئادەمیزاد.
11 هەرچەندە پیلانیان لە دژت دانا و
    بیریان لە خراپە کردەوە، سەرناکەون،
12 چونکە تۆ وایان لێ دەکەیت ڕابکەن،
    کاتێک بە تیروکەوان نیشانیان لێ دەگریت.

13 ئەی یەزدان، بە هێزی خۆت پایەبەرز بە،
    گۆرانی و ستایش بۆ توانای تۆ دەڵێین.

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بەگوێرەی ئاسکی بەرەبەیان. زەبوورێکی داود.

22 خودای من، خودای من، بۆ وازت لێ هێنام؟
    بۆ وا دووری لە ڕزگارکردنم، لە بیستنی ناڵەم؟
ئەی خودای من، بە ڕۆژ لێت دەپاڕێمەوە، وەڵامم نادەیتەوە،
    بە شەویش ئارامیم نییە.

لەگەڵ ئەوەشدا، تۆ خودای پیرۆزیت،
    لەنێو ستایشی ئیسرائیل دانیشتوویت.
باوباپیرانمان پشتیان بە تۆ بەست،
    پشتیان بە تۆ بەست و تۆش ڕزگارت کردن.
هاواریان بۆ تۆ هێنا و تۆش دەربازت کردن،
    پشتیان بە تۆ بەست و شەرمەزار نەبوون.

بەڵام من سەگم[af] نەک مرۆڤ،
    مایەی ڕیسوایی ئادەمیزاد و سووکایەتی خەڵک.
هەموو ئەوانەی دەمبینن گاڵتەم پێ دەکەن،
    توانجم لێ دەگرن و بە بزەوە سەر بادەدەن و دەڵێن:
«پشتی بە یەزدان بەست، با یەزدان ڕزگاری بکات.
    با فریای بکەوێت، ئەگەر یەزدان پێی دڵخۆشە؟»

بەڵام تۆ لەناو سکی دایکم دەرتهێنام،
    کاتێک لەبەر مەمکی دایکم بووم، دڵنیات کردم.
10 من لە کاتی لەدایکبوونمەوە بە تۆ سپێردراوم،
    لە سکی دایکمەوە تۆ خودای منی.

11 لێم دوور مەبە، چونکە تەنگانە نزیک بووەتەوە و
    کەس نییە یارمەتیم بدات.

12 گای زۆر دەوریان داوم،
    گایە بەهێزەکانی باشان[ag] ئابڵوقەیان داوم.
13 وەک شێری دڕندەی بە نەڕەنەڕ،
    ددانیان لێ تیژکردوومەتەوە.
14 وەک ئاو ڕژام،
    هەموو ئێسقانەکانم لێک جیا بوونەتەوە.
دڵم بووە بە مۆم،
    لە ناخمدا تواوەتەوە.
15 هێزم وەک پارچە گۆزە وشک بووە،
    زمانم بە مەڵاشوومەوە نووساوە،
    منت خستە ناو خاکی مەرگ.

16 سەگ دەوریان داوم،
    تاقمێک بەدکار ئابڵوقەیان داوم،
    دەست و پێیان کون کردووم.
17 هەموو ئێسقانەکانم دەژمێرم،
    ئەمانە تەماشام دەکەن و سەرنجیان لەسەرمە.
18 جلوبەرگەکەم لەنێو خۆیان بەش دەکەن،
    تیروپشک لەسەر کراسەکەم دەکەن.

19 بەڵام تۆ ئەی یەزدان، لێم دوور مەبە،
    ئەی هێزی من، زوو بگە فریام.
20 ژیانم لە شمشێر دەرباز بکە،
    ژیانی بەهادارم لە چنگی سەگ.
21 لە دەمی شێر ڕزگارم بکە،
    لە قۆچی گای کێوی، دەربازم بکە.

22 ناوی تۆ بە براکانم ڕادەگەیەنم،
    لەناو کۆمەڵدا ستایشت دەکەم.
23 ئەی لەخواترسەکان، ستایشی بکەن!
    ئەی هەموو نەوەکانی یاقوب، شکۆداری بکەن!
    ئەی هەموو نەوەکانی ئیسرائیل، لێی بترسن!
24 چونکە بە سووکییەوە نەیڕوانییە ستەمی ستەملێکراوەکە و پشتی لێ ناکات،
    ڕووی لێ وەرناگێڕێت،
    بەڵکو گوێ لە هاواری دەگرێت.

25 لە کۆڕ و کۆمەڵی گەورەدا تۆ بابەتی ستایشکردنی منی،
    نەزرەکانم[ah] بەجێدەهێنم لەپێش ئەوانەی ترسی تۆیان هەیە.
26 هەژارەکان دەخۆن[ai] و تێر دەبن،
    ئەوانەی ڕوو لە یەزدان دەکەن ستایشی دەکەن،
    دڵتان بۆ هەتاهەتایە بژیێت.

27 سەرانسەری زەوی یەزدانیان بەبیر دێتەوە و دەگەڕێنەوە لای ئەو،
    هەروەها هەموو هۆزەکانی نەتەوەکان لەبەردەمی کڕنۆش دەبەن،
28 چونکە پاشایەتی بۆ یەزدانە و
    ئەو فەرمانڕەوایەتی نەتەوەکان دەکات.

29 هەموو دەوڵەمەندەکانی سەر زەوی دەخۆن و کڕنۆشی بۆ دەبەن،
    هەروەها هەموو ئەوانەی دەچنە ناو خۆڵ لەبەردەمی ئەو چۆک دادەدەن،
    ئەوانەی ناتوانن خۆیان بە زیندوویی بهێڵنەوە.
30 نەوەکان دەیپەرستن،
    باسی پەروەردگار بۆ نەوەکانی داهاتوو دەکرێت.
31 ڕاستودروستییەکەی بەو خەڵکانە ڕادەگەیەنن کە هێشتا لەدایک نەبوونە،
    چونکە ئەم کارەی[aj] کردووە.

زەبوورێکی داود.

23 یەزدان شوانی منە، پێویستم بە هیچ نابێت.
    لە لەوەڕگای سەوزدا دەملەوەڕێنێت و
دەمباتە سەر ئاوی هێمن و سازگار،
    گیانم دەبووژێنێتەوە.
بەرەو ڕێگای ڕاستودروستی ڕێنماییم دەکات
    لە پێناوی ناوی خۆی.
ئەگەر تەنانەت بەناو دۆڵی سێبەری مەرگیشدا بڕۆم،
    لە هیچ خراپەیەک ناترسم،
لەبەر ئەوەی تۆ لەگەڵمدای،
    گۆچان و داردەستەکەت دڵنەواییم دەکەن.

سفرەم بۆ ئامادە دەکەیت لەبەردەم دوژمنانم،
    زەیت لە سەرم دەدەیت بۆ دەستنیشانکردنم،
    جامەکەم لێوانلێو دەکەیت.
بێگومان بە درێژایی ژیانم چاکە و خۆشەویستی نەگۆڕ بەدوام دەکەون،
    بۆ هەتاهەتایە لە ماڵی یەزدان دەژیم.

زەبوورێکی داود.

24 زەوی و هەرچی تێدایە هی یەزدانە،
    جیهان و ئەوانەی تێیدا دەژین،
چونکە لەسەر دەریاکان بناغەی داناوە و
    لەسەر ڕووبارەکان دایمەزراندووە.

کێ سەردەکەوێتە سەر کێوی یەزدان؟
    کێ لە جێگای پیرۆزی ئەو دەوەستێت؟
ئەوەی دەست پاک و دڵی بێگەرد بێت،
    ئەوەی مەیلی شتی پووچ نەکات و
    بە درۆ سوێند نەخوات.

لە یەزدانەوە بەرەکەت بەدەستدەهێنێت،
    لە خودای ڕزگارکەری بێتاوانکردن.
ئەمەیە ئەو نەوەیەی دوای یەزدان دەکەوێت،
    ئەوەی ڕوویان لە تۆ دەکەن، ئەی خودای یاقوب.[ak]

ئەی دەروازەکان، سەر هەڵبڕن!
    ئەی دەرگا دێرینەکان، بەرزبنەوە،
    هەتا پاشای شکۆمەندی بێتە ژوورەوە.
ئەم پاشایەی شکۆمەندی کێیە؟
    یەزدانی بەهێز و دەسەڵاتدارە،
    یەزدانی پاڵەوان لە جەنگ.
ئەی دەروازەکان، سەر هەڵبڕن!
    ئەی دەرگا دێرینەکان، بەرزبنەوە!
    هەتا پاشای شکۆمەندی بێتە ژوورەوە.
10 ئەم پاشایەی شکۆمەندی کێیە؟
    یەزدانی سوپاسالار پاشای شکۆمەندییە.

زەبوورێکی داود.

25 ئەی یەزدان، گیانی خۆم بۆ تۆ بەرز دەکەمەوە.

    ئەی خودای من، پشتم بە تۆ بەستووە.
ڕێ مەدە شەرمەزار بم،
    دوژمنانم پێ خۆش مەکە.
هەموو ئەوانەی ئومێدیان بە تۆ هەیە
    شەرمەزار نابن،
بەڵکو ئەوانە شەرمەزار دەبن
    کە بەبێ هۆ ناپاکی دەکەن.

ئەی یەزدان، ڕێگاکانی خۆتم پێ بناسێنە،
    ڕێڕەوەکانی خۆتم فێر بکە.
لە ڕاستی خۆت ڕێنماییم بکە و فێرم بکە،
چونکە تۆ خودای ڕزگارکەری منیت،
    بە درێژایی ڕۆژ ئومێدم هەر بە تۆیە.
ئەی یەزدان، بەزەیی و خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی خۆت لەبیر بێت،
    چونکە لە دێرزەمانەوە ئەمانە هەن.
ئەی یەزدان، گوناهەکانی کاتی گەنجیەتیم و
    یاخیبوونەکانم بەبیر خۆت مەهێنەوە،
بەڵکو بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بیرم لێ بکەرەوە،
    لە پێناوی چاکی خۆت.

یەزدان چاک و سەرڕاستە،
    بۆیە گوناهباران فێری ڕاستەڕێیی دەکات،
ڕابەرایەتی بێفیزەکان دەکات بۆ دادپەروەری،
    ئەوان فێری ڕێگای خۆی دەکات.
10 هەموو ڕێگاکانی یەزدان ڕاست و خۆشەویستی نەگۆڕن
    بۆ ئەو کەسانەی فەرزەکانی پەیمانەکەی ناشکێنن.
11 ئەی یەزدان، لە پێناوی ناوی خۆت،
    لە گوناهم خۆشبە، هەرچەندە گەورەشە.

12 کێیە ئەو کەسەی لە یەزدان دەترسێت؟
    خودا فێری ئەو ڕێگایەی دەکات کە بۆی هەڵبژاردووە.
13 هەموو ڕۆژانی لە چاکەدا دەبێت و
    زەوی بە میرات بۆ نەوەکانی دەمێنێتەوە.
14 خودا نهێنی خۆی بەوانە دەسپێرێت کە لێی دەترسن،
    وا دەکات پەیمانەکەی زانراو بێت لەلایان.
15 من هەمیشە چاوم ئاراستەی یەزدان کردووە،
    چونکە تەنها ئەو پێم لە تەڵە دەکاتەوە.

16 ئاوڕم لێ بدەوە و لەگەڵم میهرەبان بە،
    چونکە تەنها و کڵۆڵم.
17 دڵتەنگیم زیاد بووە،
    لە تەنگانەکانم ڕزگارم بکە.
18 تەماشای داماوی و ڕەنجکێشانم بکە و
    لە هەموو گوناهەکانم خۆشبە.
19 تەماشای دوژمنەکانم بکە چەند زۆر بوونە و
    چەند بە قینەوە ڕقیان لێمە.

20 ژیانم بپارێزە و ڕزگارم بکە،
    شەرمەزارم مەکە،
    چونکە پەنا وەبەر تۆ دەهێنم.
21 با دروستی و سەرڕاستی پارێزەرم بن،
    چونکە ئومێدم بە تۆیە.

22 ئەی خودایە، ئیسرائیل بکڕەوە،
    لە هەموو تەنگانەکانی!

زەبوورێکی داود.

26 ئەی یەزدان، ئەستۆپاکیم بسەلمێنە،
    چونکە بەبێ کەموکوڕی ژیاوم،
پشتم بە یەزدان بەستووە،
    بەبێ دوودڵی.
ئەی یەزدان، تاقیم بکەوە، بمخە ناو لێکۆڵینەوە،
    مێشک و دڵم بپشکنە.
چونکە خۆشەویستی نەگۆڕی تۆم لەبەرچاوە،
    بە ڕاستی تۆ ڕەفتار دەکەم.

لەگەڵ فێڵبازان دانانیشم،
    تێکەڵی دووڕووان نابم.
ڕقم لە کۆمەڵی بەدکاران دەبێتەوە و
    لەگەڵ خراپەکار دانانیشم.
دەستەکانم دەشۆم تاکو بێتاوانیم دەربخەم،
    ئەی یەزدان، بە دەوری قوربانگاکەتدا دەسووڕێمەوە و
بە دەنگی بەرز ستایشت دەکەم و
    هەموو کارە سەرسوڕهێنەرەکانت ڕادەگەیەنم.

ئەی یەزدان، ئەو ماڵەم خۆشدەوێت کە تۆ تێیدا دەژیت،
    ئەو شوێنەی کە شکۆی تۆی تێدا نیشتەجێیە.
گیانم لەگەڵ گوناهباران کۆمەکەوە،
    ژیانم لەگەڵ خوێنڕێژان،
10 ئەوانەی کە دەستیان بە خراپە پیس بووە،
    ئەوانەی دەستی ڕاستەیان پڕ لە بەرتیلە.
11 بەڵام من بەبێ کەموکوڕی ژیاوم،
    بمکڕەوە و لەگەڵم میهرەبان بە.

12 پێم لەسەر زەوییەکی تەختە،
    لە کۆڕ و کۆمەڵی گەورەدا ستایشی یەزدان دەکەم.

زەبوورێکی داود.

27 یەزدان ڕووناکی و ڕزگاریی منە،
    لە کێ بترسم؟
یەزدان قەڵای ژیانی منە،
    لە کێ بتۆقم؟

کاتێک بەدکاران لێم نزیک بنەوە
    بۆ ئەوەی گۆشتم بخۆن،
کاتێک دوژمنان و ناحەزانم پەلامارم بدەن،
    ساتمە دەکەن و دەکەون.
ئەگەر لەشکرێکیش دەورم بدات،
    دڵم ناترسێت.
ئەگەر جەنگ بەرپا بکەن دژم،
    ئەو کاتەش هەر دڵنیا دەبم.

داوای یەک شت لە یەزدان دەکەم،
    ئەوەی بەدوایدا دەگەڕێم:
کە هەموو ڕۆژانی ژیانم
    لە ماڵی یەزدان نیشتەجێ بم،
هەتا تەماشای جوانی یەزدان بکەم و
    لە پەرستگاکەی ورد ببمەوە.
چونکە لە ڕۆژی بەڵا،
    لەژێر سێبەری خۆی دەمشارێتەوە،
بە پڵاسی نشینگەکەی دامدەپۆشێت.
    بۆ سەر تاشەبەردێک بڵندم دەکاتەوە.

ئێستاش سەرفرازم بەسەر دوژمنانی دەوروبەرم،
    لەناو نشینگەکەیدا بە هاوار و خۆشییەوە قوربانی پێشکەش دەکەم،
    سروود بۆ یەزدان دەڵێم و مۆسیقا دەژەنم.

ئەی یەزدان، گوێت لە دەنگم بێ کاتێک لێت دەپاڕێمەوە،
    لەگەڵم میهرەبان بە و وەڵامم بدەوە.
سەبارەت بە تۆ دڵم دەڵێت: «ڕووت لەو بکە!»
    ئەی یەزدان، ڕووم لە تۆ دەکەم.
ڕووی خۆتم لێ مەشارەوە،
    خزمەتکاری خۆت لە کاتی تووڕەییت مەگەڕێنەوە،
    تۆ یارمەتیدەری من بوویت.
ئەی خودای ڕزگارکەرم،
    ڕەتم مەکەرەوە و جێم مەهێڵە.
10 تەنانەت دایک و باوکیشم وازم لێ بهێنن،
    یەزدان دەمگرێتە خۆی.
11 ئەی یەزدان، ڕێگای خۆتم فێر بکە،
    بۆ ڕێگای ڕاست ڕێنماییم بکە،
    لەبەر دوژمنەکانم.
12 بە ویستی ناحەزەکانم مەمسپێرە،
    چونکە شایەتی درۆ لێم ڕاست بوونەتەوە،
    هەناسەی زۆردارییان لێ دێتە دەرەوە.

13 من هێشتا باوەڕم بەوە هەیە،
    کە لە خاکی زیندووان
    چاکەی یەزدان دەبینم.
14 چاوەڕێی یەزدان بە،
    خۆت ئازا بکە و دڵت بەهێز بکە،
    چاوەڕێی یەزدان بە.

زەبوورێکی داود.

28 ئەی یەزدان، من بۆ تۆ هاوار دەکەم.
    ئەی تاشەبەردەکەم، گوێی خۆتم لێ کەڕ مەکە،
چونکە ئەگەر تۆ خۆتم لێ بێدەنگ بکەیت،
    وەک ئەوانەم لێدێت کە شۆڕ دەبنەوە ناو گۆڕ.
گوێ لە دەنگی پاڕانەوەم بگرە،
    کاتێک کە هاوارت بۆ دەهێنم،
دەستەکانم بەرز دەکەمەوە
    بەرەو شوێنی هەرەپیرۆزی تۆ.

لەگەڵ بەدکارەکان ڕاممەکێشە،
    ئەوانەی ئیشی خراپە دەکەن،
بە ئاشتی قسە لەگەڵ دراوسێکانیان دەکەن،
    بەڵام دڵیان پڕ لە کینەیە.
بەگوێرەی کردەوە و خراپەکارییەکانیان سزایان بدە،
    بەگوێرەی کردەوەکانی دەستیان سزایان بدە و
    ڕەفتارەکانی خۆیان بگەڕێنەوە سەر خۆیان.

لەبەر ئەوەی گوێ نادەن بە کردارەکانی یەزدان و
    بە کارەکانی دەستی،
تێکیان دەشکێنێت و
    جارێکی دیکە بنیادیان نانێتەوە.

ستایش بۆ یەزدان،
    چونکە گوێی لە دەنگی پاڕانەوەم بوو.
یەزدان هێز و قەڵغانی منە،
    دڵم متمانەی بەو کرد و یارمەتیم وەرگرت،
دڵم شاد دەبێت و
    بە گۆرانی خۆم ستایشی دەکەم.

یەزدان هێزی گەلەکەیەتی،
    قەڵای ڕزگاریی دەستنیشانکراوەکەی [al]
گەلەکەت ڕزگار بکە و میراتەکەت بەرەکەتدار بکە،
    ببە بە شوانیان و هەتاهەتایە هەڵیانبگرە.

زەبوورێکی داود «لە جەژنی کەپرەشینە».

29 ستایشی شکۆ و هێزی یەزدان بکەن،
    ستایشی یەزدان بکەن، ئەی فریشتەکانی ئاسمان.
ستایشی ناوی شکۆداری یەزدان بکەن،
    کڕنۆش بۆ یەزدان ببەن چونکە شکۆدار و پیرۆزە.

دەنگی یەزدان لەسەر ئاوەکان دەنگ دەداتەوە،
    خودای شکۆمەندی تریشقە دەدات،
    یەزدان لەسەر ئاوە زۆرەکان تریشقە دەدات.
دەنگی یەزدان بە هێزە،
    دەنگی یەزدان بە شکۆیە.
دەنگی یەزدان داری ئورز دەشکێنێت،
    یەزدان ئورزەکانی لوبنان دەشکێنێت،
وا دەکات لوبنان[am] وەک گوێرەکە ڕابکات و
    حەرمۆنیش[an] وەک جوانەگای کێوی.
دەنگی یەزدان چەخماخە دەدات
    بە بروسکە و تریسکەوە.
دەنگی یەزدان بیابان دەلەرزێنێت
    یەزدان بیابانی قادێش[ao] دەلەرزێنێت.
دەنگی یەزدان دار بەڕوو لوول دەدات و
    دارستانەکان ڕووت دەکاتەوە.
لەناو پەرستگاکەیدا هەموو هاوار دەکەن: «شکۆمەندی!»

10 یەزدان بە تەختی پاشاییەوە، لەسەر تۆفان دادەنیشێت،
    یەزدان هەتاهەتایە وەک پاشا لەسەر تەخت دادەنیشێت.
11 یەزدان هێز بە گەلەکەی دەبەخشێت،
    یەزدان بەرەکەتی ئاشتی دەداتە گەلەکەی.

زەبوورێکی داود.

گۆرانییەک بۆ تەرخانکردنی پەرستگا.[ap]

30 ئەی یەزدان، بە گەورەت دەزانم،
    چونکە هەڵتکێشام و
    نەتهێشت دوژمنەکانم شانازیم بەسەردا بکەن.
ئەی یەزدان، خودای من، هاوارم بۆ تۆ هێنا،
    تۆش چاکت کردمەوە.
ئەی یەزدان، تۆ گیانی منت لەناو جیهانی مردووان هێنایە دەرەوە،
    منت دەرباز کرد لەوەی شۆڕببمەوە ناو گۆڕ.

ئەی خۆشەویستانی یەزدان، گۆرانی بۆ بڵێن،
    ستایشی ناوە پیرۆزەکەی بکەن.
چونکە تووڕەبوونی تەنها چرکەیەکە،
    بەڵام ڕەزامەندی بە درێژایی ژیانە.
ڕەنگە گریان بۆ شەوێ بمێنێت،
    بەڵام بۆ بەیانییەکەی هەلهەلە دێنێت.

کاتێک هەستم بە دڵنیایی کرد گوتم:
    «هەرگیز نالەقێم.»
ئەی یەزدان، بە ڕەزامەندی خۆت،
    منت وەک چیایەکی بەهێز چەسپاند،
بەڵام کە ڕووی خۆتت لە من شاردەوە،
    پەرێشان بووم.

ئەی یەزدان، من هاوارم بۆ تۆ هێنا،
    من لە پەروەردگار پاڕامەوە:
«مەرگی من سوودی چی تێدایە،
    ئەگەر من شۆڕ ببمەوە ناو گۆڕ؟
ئایا خۆڵ ستایشت دەکات؟
    ئایا دڵسۆزیت ڕادەگەیەنێت؟
10 ئەی یەزدان، گوێ بگرە و لەگەڵم میهرەبان بە!
    ئەی یەزدان، ببە بە یارمەتیدەرم!»

11 تۆ شینی منت گۆڕی بۆ شایی،
    جلوبەرگی گوشت[aq] لەبەر داماڵیم و بەرگی شادیت لەبەرکردم،
12 بۆ ئەوەی دڵم گۆرانیت بۆ بڵێت و بێدەنگ نەبێت.
    ئەی یەزدان، خودای من، هەتاهەتایە هەر ستایشت دەکەم.

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود.

31 ئەی یەزدان، من پەنا دەبەمە بەر تۆ،
    با هەرگیز شەرمەزار نەبم،
    بە ڕاستودروستی خۆت دەربازم بکە.
گوێت بۆم شل بکە،
    بە زوویی فریام بکەوە،
ببە بەو تاشەبەردەی پەنای بۆ دەبەم،
    بەو قەڵا سەختە بۆ ڕزگارکردنم.
لەبەر ئەوەی تاشەبەرد و قەڵای منی،
    لە پێناوی ناوی خۆت ڕابەرایەتی و ڕێنماییم بکە.
لەو تەڵەیەی بۆم نراوەتەوە ئازادم بکە،
    چونکە تۆ پەناگای منی.
ڕۆحی خۆم بە دەستی تۆ دەسپێرم،
    ئەی یەزدان، خودای ڕاستی، بمکڕەوە.

من ڕقم لەوانە دەبێتەوە کە دەست بە بتی پووچەوە دەگرن،
    من متمانەم بە یەزدان هەیە.
من بە خۆشەویستی نەگۆڕی تۆ شاد و دڵخۆش دەبم،
    چونکە تۆ دەردی منت بینیوە و
    لە تەنگانەدا گیانی منت ناسیوە.
نەتخستوومەتە بەردەستی دوژمنان،
    بەڵکو لەسەر شوێنێکی فراوان ڕاتگرتووم.

ئەی یەزدان، لەگەڵم میهرەبان بە، چونکە لە تەنگانەدام.
    چاوەکانم کزبوون لە خەفەتان،
    ڕۆح و لەشم لە خەمان.
10 ژیانم بە خەم و خەفەت فەوتاوە،
    ساڵانی تەمەنم بە ئاخ هەڵکێشان،
لەبەر دەرد و بەڵا هێزم لێ بڕاوە،
    ئێسقانەکانم پووکاونەتەوە.
11 بەهۆی دوژمنەکانمەوە،
    بە تەواوی بوومەتە مایەی شەرمەزاری لای دراوسێکانم،
بوومەتە مایەی ترس بۆ ئاشناکانم،
    ئەوانەی لە شەقامدا دەمبینن، لێم دوور دەکەونەوە.
12 لەبیرکراوم وەک ئەوەی مردبم،
    وەک قاپێکی شکاوم بەسەرهاتووە.
13 چونکە گوێم لە چپەچپی زۆر کەس بووە،
    «لە هەموو لایەکەوە ترس و تۆقین هەیە!»
هەموو پێکەوە پیلان لە دژم دەگێڕن،
    بیر لەوە دەکەنەوە ژیانم لەناو ببەن.

14 بەڵام ئەی یەزدان، من پشتم بە تۆ بەستووە،
    دەڵێم: «تۆ خودای منیت.»
15 ڕۆژگارم لەناو دەستی تۆدایە،
    لە دەستی دوژمنان و
    ئەوانەی ڕاوم دەنێن دەربازم بکە.
16 با ڕوخسارت بەسەر خزمەتکاری خۆتدا بدرەوشێتەوە،
    بە خۆشەویستی نەگۆڕی خۆت ڕزگارم بکە.
17 با شەرمەزار نەبم ئەی یەزدان،
    چونکە هاوار بۆ تۆ دەهێنم،
با بەدکاران شەرمەزار بن،
    لەناو جیهانی مردووان خامۆش بن.
18 با زمانە درۆزنەکانیان لاڵ بێت،
    چونکە بە فیز و وشەی ناشیرینەوە
    سووکایەتی بە سەرڕاستان دەکەن.

19 چاکەت چەند مەزنە،
    کە هەڵتگرتووە بۆ ئەوانەی ترسی تۆیان لە دڵدایە،
ئەوەی بە بەرچاوی خەڵکەوە،
    بەوانەی دەبەخشیت کە پەنات بۆ دەهێنن.
20 لە پەنای خۆت دەیانشاریتەوە،
    لە پیلانەکانی خەڵکی،
لەژێر سێبەری خۆت دەیانپارێزیت،
    لە زمانی سکاڵاکەران.

21 ستایش بۆ یەزدان،
    چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕە سەرسوڕهێنەرەکەی خۆی نیشاندام،
    کاتێک لە شارێکی ئابڵوقەدراو بووم.
22 لە کاتی سەرلێشێوانم گوتم:
    «لەبەرچاوت نەماوم!»
بەڵام تۆ گوێت لە دەنگی پاڕانەوەم گرت،
    کە هاوارم بۆت هێنا.

23 ئەی هەموو خۆشەویستانی، یەزدانتان خۆشبوێت!
    یەزدان دڵسۆزەکان دەپارێزێت،
    بەڵام بە تەواوی سزای لووتبەرزەکان دەدات.
24 ئازابن و دڵتان بەهێز بکەن،
    ئەی هەموو ئەوانەی هیواتان بە یەزدان هەیە.

هۆنراوەیەکی داود.

32 خۆزگە دەخوازرێ بەوەی لە یاخیبوونەکانی بەخشراوە،
    گوناهەکانی داپۆشراوە.
خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی
    کە یەزدان تاوانی لەسەر ناژمێرێت و
    لە ڕۆحەکەی بێ فێڵە.

کاتێک دانم بە گوناهەکانمدا نەنا،
    ئێسقانەکانم پووکانەوە،
    لە ناڵینم بە درێژایی ڕۆژ.
چونکە بە شەو و بە ڕۆژ،
    دەستت بەسەر سەرمەوە قورس بوو،
    تەڕێتیم گۆڕا بۆ وشکی هاوین.[ar]

ئینجا لەلای تۆدا داندەنێم بە گوناهم و
    تاوانم ناشارمەوە.
گوتم: «لەلای یەزدان داندەنێم بە یاخیبوونم.»
    تۆش لە تاوانی گوناهم خۆشبوویت.

بۆیە با هەموو خواناسێک لێت بپاڕێتەوە
    لە کاتی خۆی بتدۆزێتەوە،
    بێگومان کە لافاو هەستا، نایگاتێ.
تۆ پەناگای منیت،
    لە تەنگانە دەمپارێزی و
    بە سروودی دەربازبوون دەورم دەدەیت.

خودا دەفەرموێت: «من فێرت دەکەم و ڕێنماییت دەکەم بۆ ئەو ڕێگایەی کە دەبێت پێیدا بڕۆیت،
    ئامۆژگاریت دەکەم و چاودێریت دەکەم.
وەک ئەسپ و هێستر مەبە کە هیچ تێناگەن،
    بەڵکو دەبێت لغاوی لە دەم بکرێت و جڵەوی ڕابکێشرێت،
    بۆ ئەوەی لێت نزیک ببێتەوە.
10 بەدکارەکان ئازاریان زۆرە،
    بەڵام ئەوەی پشت بە یەزدان ببەستێت،
    خۆشەویستی نەگۆڕ دەوری دەدات.»

11 ئەی سەرڕاستەکان، شاد بن بە یەزدان و دڵخۆش بن،
    ئەی دڵڕاستەکان، گۆرانی بڵێن!
33 ئەی سەرڕاستان گۆرانی شادی بۆ یەزدان بڵێن،
    ستایشکردن لە دڵڕاستان دەوەشێتەوە.
بە ساز ستایشی یەزدان بکەن،
    بە قیسارەی دە ژێیی مۆسیقای بۆ بژەنن.
سروودێکی نوێی بۆ بڵێن،
    بە کارامەیی مۆسیقا بژەنن، بە هەلهەلەوە.

چونکە فەرمایشتی یەزدان ڕاستە،
    لە هەموو کردارەکانی دڵسۆزە.
یەزدان ڕاستودروستی و دادپەروەری خۆشدەوێت،
    زەوی پڕ بووە لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی.

بە فەرمانی یەزدان ئاسمان دروستکرا،
    بە هەناسەی دەمی هەموو ئەستێرەکانی ئاسمان.
ئاوی دەریا وەک بەنداو کۆدەکاتەوە و
    زەریاکان دەخاتە ناو ئەمبارەوە.
با هەموو زەوی لە یەزدان بترسێت،
    با هەموو خەڵکی دنیا سام دایانگرێت!
چونکە کە فەرمووی، پەیدا بوو،
    فەرمانی دا، بوو.

10 یەزدان پیلانی نەتەوەکانی پووچ کردەوە،
    تەگبیری گەلانی هەڵوەشاندەوە.
11 بەڵام پلانی یەزدان هەتاهەتایە دەمێنێت،
    تەگبیری دڵی بۆ هەموو نەوەکانە.

12 خۆزگە دەخوازرێ بەو نەتەوەیەی کە یەزدانی خودایانە،
    بەو گەلەی هەڵیبژاردووە بۆ میراتی خۆی.
13 یەزدان لە ئاسمانەوە دەڕوانێتە خوارێ،
    هەموو ئادەمیزاد دەبینێت.
14 لە نشینگەکەی خۆیەوە
    چاودێری هەموو دانیشتووانی زەوی دەکات.
15 ئەو کە شێوەی دڵی هەمووانی دروستکردووە،
    ئاگاداری هەموو کردەوەکانیانە.

16 هیچ پاشایەک بە گەورەیی سوپاکەی ڕزگاری نابێت،
    هیچ پاڵەوانێک بە هێزی بازووی دەرباز نابێت.
17 ئەسپ ئومێدێکی دۆڕاوە بۆ ڕزگار بوون،
    بە توندی هێزی ناتوانێت کەس دەرباز بکات.
18 بەڵام یەزدان چاوی لەوانەیە کە ترسی ئەویان لە دڵدایە،
    ئەوانەی هیوایان بە خۆشەویستی نەگۆڕی ئەوە.
19 بۆ ئەوەی لە مردندا فریایان بکەوێت و
    لە قاتوقڕیدا ژیانیان دابین بکات.

20 ئێمە بە ئومێدی چاوەڕوانی یەزدانین،
    یەزدان یارمەتیدەر و قەڵغانمانە.
21 دڵمان بەو خۆشە،
    چونکە ئێمە پشت بە ناوی پیرۆزی ئەو دەبەستین.
22 ئەی یەزدان، با خۆشەویستی نەگۆڕت بەسەرمانەوە بێت،
    بەگوێرەی هیوامان بە تۆ.

زەبوورێکی داود، کاتێک لەبەردەم ئەبیمەلەخ خۆی کردە شێت، ئەویش دەریکرد و داود ڕۆیشت.[as]

34 هەموو کاتێک ستایشی یەزدان دەکەم،
    هەمیشە ستایشی ئەو لەسەر لێوەکانمە.
گیانم شانازی بە یەزدانەوە دەکات،
    با ستەملێکراوان گوێیان لێ بێت و شاد بن.
با پێکەوە یەزدان بە گەورە بزانین،
    با بەیەکەوە ناوی بەرز بکەینەوە.

ڕووم لە یەزدان کرد، یەزدان بە دەنگمەوە هات،
    لە هەموو ترسەکانم فریام کەوت.
ئەوانەی پشت بە یەزدان دەبەستن، دەدرەوشێنەوە،
    ڕوویان هەرگیز شەرمەزاری پێوە نابێت.
ئەم پیاوە ستەملێکراوە هاواری بۆ کرد، یەزدان گوێی لێ بوو،
    لە هەموو گرفتەکانی ڕزگاری کرد.
فریشتەی یەزدان دەوری ئەو کەسانە دەگرێت کە لێی دەترسن،
    دەربازیان دەکات.

تامی بکەن و ببینن کە یەزدان چاکە!
    خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی پەنای بۆ دەبات.
لە یەزدان بترسن ئەی گەلە پیرۆزەکەی،
    چونکە ئەوانەی لێی دەترسن پێویستیان بە هیچ نابێت.
10 ڕەنگە شێرەکان تووشی برسیێتی و لاوازی بن،
    بەڵام ئەوانەی ڕوو لە یەزدان دەکەن پێویستیان بە شتی چاک نابێت.
11 کوڕینە، وەرن گوێ لە من بگرن،
    فێری لەخواترسیتان دەکەم.
12 چ کەسێکە ژیانی خۆشدەوێت و
    ئارەزوو دەکات زۆر ڕۆژگاری خۆش ببینێت؟
13 زمانت لە خراپە بپارێزە و
    لێوەکانت لە فێڵبازی.
14 لە خراپە دوور بە و چاکە بکە،
    بەدوای ئاشتیدا بگەڕێ و کۆششی بۆ بکە.

15 چاوی یەزدان لەسەر ڕاستودروستانە و
    گوێی لە پاڕانەوەکانیان ڕاگرتووە.
16 ڕووی یەزدان لە دژی خراپەکارانە،
    تاکو یادەوەرییان لەسەر زەوی ببڕێتەوە.

17 سەرڕاستان هاوار دەکەن و یەزدان گوێی لێیان دەبێت،
    لە هەموو تەنگانەکانیان دەربازیان دەکات.
18 یەزدان لە دڵشکاوان نزیکە و
    ئەوانە ڕزگار دەکات کە ڕۆحیان وردوخاش بووە.

19 پیاوچاک گرفتی زۆر دەبێت،
    بەڵام یەزدان لە هەمووی دەربازی دەکات،
20 هەموو ئێسکەکانی دەپارێزێت،
    هیچیان ناشکێنرێت.

21 بەدکاری بەدکاران لەناو دەبات،
    ئەوانەی ڕقیان لە ڕاستودروستانە، تاوانبار دەکرێن.
22 یەزدان گیانی خزمەتکارەکانی خۆی دەکڕێتەوە و
    ئەوانەی پەنا دەبەنە بەر یەزدان تاوانبار ناکرێن.

زەبوورێکی داود.

35 ئەی یەزدان، ململانێی ئەوانە بکە کە ململانێم لەگەڵ دەکەن،
    لە دژی ئەوانە بجەنگە کە لە دژی من دەجەنگن.
سپەر[at] بپۆشە و قەڵغان هەڵبگرە،
    ڕاپەڕە و بگە فریام.
ڕم ئاراستە بکە و تەور هەڵبگرە
    لە دژی ئەوانەی ڕاوم دەنێن.
    بە گیانم بڵێ: «من ڕزگاریی تۆم.»

با ڕیسوا و شەرمەزار بن
    ئەوانەی هەوڵی کوشتنم دەدەن،
با بەرەو پاش ببنەوە و ڕیسوا بن
    ئەوانەی پیلان دادەنێن بۆ ڕاوکردنم.
با وەک کای بەر بایان لێ بێت،
    فریشتەی یەزدان ڕایانبماڵێت.
با ڕێگایان تاریک و خلیسک بێت،
    فریشتەی یەزدان ڕاویان بنێت.

لەبەر ئەوەی بەبێ هۆ داویان بۆ نامەوە،
    بەبێ هۆ چاڵیان بۆ هەڵکەندم،
با ماڵوێرانی لەناکاو بەسەریاندا بدات،
    با بەو داوەوە بن کە خۆیان ناویانەتەوە،
    با بکەونە ئەو ماڵوێرانییە.
ئەوسا گیانم بە یەزدان شاد دەبێت،
    بە ڕزگارییەکەی دڵخۆش دەبێت.
10 هەموو ئێسقانەکانم هاوار دەکەن:
    «ئەی یەزدان، کێ وەک تۆیە؟
تۆ داماو دەرباز دەکەیت لە دەست ئەوانەی کە لەو بەهێزترن،
    هەژار و نەبوون لە دەست ئەوانەی دەیانڕووتێننەوە.»

11 شایەتە دڵڕەقەکان ڕاست دەبنەوە،
    پرسیاری شتی وا دەکەن کە ئاگام لێی نییە.
12 بەرامبەر بە چاکە خراپەم دەدەنەوە،
    گیانم بە بێکەسی جێدەهێڵن.
13 بەڵام کاتێک ئەوان نەخۆش دەکەوتن، جلوبەرگی گوشم دەپۆشی،
    بە ڕۆژووگرتن خۆمم نزم دەکردەوە.
کاتێک نوێژەکانم بەبێ وەڵام دەگەڕانەوە،
14     وەک ئەوەی دۆست و برام بێت،
    پرسەدار بووم بۆی،
وەک ئەوەی بۆ دایکم بلاوێنمەوە،
    لە خەفەتان سەرم دانەواند بوو.
15 بەڵام کە کەوتم، ئەوان بە خۆشییەوە لە دژی من کۆبوونەوە،
    کەسانێک بێ ئەوەی بیانناسم هێرشیان هێنایە سەرم و
    بەبێ وەستان ئابڕوویان بردم.
16 وەک خوانەناسان بە خراپی گاڵتەجاڕی دەکەن،
    ددانیان لێ جیڕدەکردمەوە.

17 ئەی پەروەردگار، هەتا کەی تەماشا دەکەیت؟
    گیانم دەرباز بکە لە دەست تێکدەرییان،
    ژیانم لەو بەچکە شێرانە.
18 لەنێو کۆڕی گەورە سوپاست دەکەم،
    لەنێو خەڵکێکی زۆر ستایشت دەکەم.
19 مەهێڵە ئەوانە پێم شاد بن،
    کە بەبێ هۆ بوونەتە دوژمنم.
مەهێڵە ئەوانەی بەبێ هۆ ڕقیان لێمە،
    بە مەکرەوە چاو لە یەک دابگرن.
20 ئەوانە قسە بۆ ئاشتی ناکەن،
    بەڵکو درۆ دادەڕێژن
    لە دژی ئەوانەی بە ئارامی دەژین لەسەر زەوی.
21 دەمیان لێم دەکەنەوە و دەڵێن:
    «ئەها! بە چاوی خۆمان بینیمان.»

22 ئەی یەزدان، تۆ ئەمەت بینی، بێدەنگ مەبە.
    ئەی پەروەردگار، لێم دوور مەبە.
23 هەستە و ڕاپەڕە بۆ دادم،
    ئەی خودا و گەورەی من، بۆ مافم.
24 ئەی یەزدان، خودای من، بەپێی ڕاستودروستی خۆت ئەستۆپاکیم بسەلمێنە،
    مەهێڵە ئەوانە پێم شاد بن.
25 مەهێڵە لە دڵی خۆیان بڵێن: «ئەمە مرازی ئێمەیە!»
    یان بڵێن: «هەڵمانلووشی.»

26 با هەموو ئەوانەی بە گرفتی من شاد دەبن،
    تووشی شەرمەزاری و گومڕایی بن.
با هەموو ئەوانەی پۆز بەسەر مندا لێدەدەن،
    بەرگی شەرمەزاری و ڕیسوایی بپۆشن.
27 با ئەوانەی بە بێتاوانکردنی من دڵخۆشن،
    گۆرانی خۆشی و شادی بڵێن.
با هەمیشە بڵێن: «یەزدان پایەبەرز بێت،
    کە دڵخۆش دەبێت بە ئاشتی خزمەتکارەکەی.»

28 زمانم باسی ڕاستودروستی تۆ دەکات و
    بە درێژایی ڕۆژ ستایشت دەکات.

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داودی بەندەی یەزدانە.

36 جاڕنامەیەک لە ناخی دڵمە
    دەربارەی یاخیبوونی بەدکار:
    ترسی خودای لەبەرچاو نییە.

Footnotes

  1. 1‏:2 عیبری: تەورات‏.‏
  2. 2‏:2 بە زمانی عیبری پێی دەگوترێ مەشیخ‏ یان مەشیح‏، واتە هەڵبژێردراو بە دەستی پێغەمبەر و بە چەورکردن بە ڕۆن بۆ پاشایەتی، بڕوانە دەرچوون 30‏:22‏-31‏ و یەکەم ساموئێل 9‏:16؛ 10‏:1.‏‏
  3. 2‏:6 سییۆن یان زایۆن، چیاکە لە ئۆرشەلیم، وەک نازناو بۆ ئۆرشەلیم بەکاردێت.‏
  4. 2‏:12 ماچکردنی پێی کوڕی پاشا وەک ملکەچبوونی.‏
  5. 3‏:0 سێیەم کوڕی داود بوو، ناکۆکی لەگەڵ داودی باوکی هەبوو و سەرکردایەتی یاخیبوونێکی کرد لە دژی. بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە دووەم ساموئێل بەشەکانی 13‏–18.‏
  6. 3‏:2 لە دەقی عیبری لێرە و لە ئایەتی 4 و 8، وشەی سەلاە‏ هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.‏
  7. 4‏:2 لە دەقی عیبری لێرە و لە ئایەتی 4، وشەی سەلاە‏ هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.‏
  8. 4‏:6 خودا بە چاکەکانی بەسەرمان بکاتەوە، بڕوانە سەرژمێری 6‏:24‏-26.‏‏
  9. 6‏:0 دەستەواژەیەکی بواری مۆسیقایە.‏
  10. 6‏:5 عیبری: شیۆل‏، ئەو شوێنەیە کە لەدوای مردن ڕۆحی مرۆڤ دەچێتە ئەوێ هەتا ڕۆژی لێپرسینەوە.‏
  11. 7‏:5 لە دەقی عیبری وشەی سەلاە‏ هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.‏
  12. 8‏:0 دەستەواژەیەکی بواری مۆسیقایە.‏
  13. 8‏:5 عیبری: خوداکان، بە واتای بوونەوەرە ئاسمانییەکان.‏
  14. 9‏:10 بە واتای ناسینی خودا و کەسایەتییەکەی.‏
  15. 9‏:11 ناوێکی ئەدەبییە بۆ شاری ئۆرشەلیم.‏
  16. 9‏:13 عیبری: بەرزم بکەرەوە، بە واتای پارێزگار و فریاکەوتن.‏
  17. 9‏:14 مەبەست لە شاری سییۆنە، ئۆرشەلیم.‏
  18. 9‏:16 لە دەقی عیبری لێرە وشەی هیگایۆن‏ و سەلاە‏ هەیە و لە کۆتایی ئایەتی 20 وشەی سەلاە‏ هەیە، کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.‏
  19. 12‏:0 دەستەواژەیەکی بواری مۆسیقایە.‏
  20. 14‏:1 لە عیبری مەبەستی لە کەسی بەدڕەوشتە.‏
  21. 14‏:7 مەبەست لە شاری سییۆنە لە ئۆرشەلیم کە خودا بەڵێنی داوە لەوێ نیشتەجێ دەبێ.‏
  22. 16‏:6 دیاریکردنی سنووری زەوی بە گوریس بووە.‏
  23. 16‏:10 مەبەستی ئەوەی بۆ خودا تەرخان کراوە، وەک مەسیح.‏
  24. 18‏:2 شوبهێنراوە بەو تاشەبەردەی لە کاتی تەنگانەدا پشتی پێدەدرێت، وەکو لە کاتی شەڕکردن دەبێتە پەناگا.‏
  25. 18‏:10 بوونەوەری ئاسمانی باڵدارە، لە شێوەی مرۆڤ و ئاژەڵ.‏
  26. 18‏:27 لە عیبری: چاوی لووتبەرزان شۆڕ دەکەیت.‏
  27. 19‏:7 مەبەستی لە پەیمان و ڕاسپاردەکانی خودایە بۆ گەلەکەی کە لەسەر تەختەی پەیمان نووسراون. هەروەها بڕوانە دەرچوون 16‏:31‏-34.‏‏
  28. 19‏:14 لە زمانی عیبری بە واتای خوێنگر دێت، بۆ تێگەیشتن لەم دەربڕینە بڕوانە ڕائووس 4‏‏.‏
  29. 20‏:3 لە دەقی عیبری لێرە وشەی سەلاە‏ هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.‏
  30. 20‏:6 بە زمانی عیبری پێی دەگوترێ مەشیخ‏ یان مەشیح‏.‏
  31. 21‏:2 لە دەقی عیبری لێرە وشەی سەلاە‏ هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.‏
  32. 22‏:6 عیبری: کرمێک.‏
  33. 22‏:12 شوێنێک بووە لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون و لەوەڕگایەکی بەناوبانگ بووە بۆ گا.‏
  34. 22‏:25 نەزر: داوا لە خودا دەکرێت بۆ ئەنجامدانی کارێک، کارەکە پابەند دەکرێت بە مەرجێکەوە. ئەگەر خودا ئەوە بکات، ئەوا دەرئەنجام ئەو کارەی بۆ ئەنجام دەدرێت کە پێیەوە پابەند کراوە. بڕوانە سەرژمێری 2‏:21‏‏.‏
  35. 22‏:26 لەدوای بەجێهێنانی نەزر قوربانی هاوبەشی دەکرێت و هەژاران لەو قوربانییە دەخۆن.‏
  36. 22‏:31 مەبەستی لە کارەکانی خودایە لەناو ئەم دەقە.‏
  37. 24‏:6 لە دەقی عیبری لێرە و لە ئایەتی 10، وشەی سەلاە‏ هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.‏
  38. 28‏:8 بە زمانی عیبری پێی دەگوترێ مەشیخ‏ یان مەشیح‏.‏
  39. 29‏:6 مەبەستی لە چیای لوبنانە.‏
  40. 29‏:6 هەروەها سریۆنیشی پێ دەگوترێ، بەرزترین شاخە لە سوریا.‏
  41. 29‏:8 دەکەوێتە دووری 80 کم لە باکووری بیری شابەع، گەلی ئیسرائیل لەدوای هاتنەدەرەوەیان لە میسر ماوەیەک لەوێ ماونەتەوە.‏
  42. 30‏:0 بڕوانە یەکەم پاشایان 8‏:61 و دووەم پوختەی مێژوو 7‏‏.‏
  43. 30‏:11 لە کاتی ماتەمگێڕان و تۆبەکردندا جلوبەرگی لە گوش دروستکراویان لەبەرکردووە کە ئەزیەتی پێستیانی داوە.‏
  44. 32‏:4 لە دەقی عیبری لێرە و لە ئایەتەکانی 5 و 7، وشەی سەلاە‏ هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.‏
  45. 34‏:0 بڕوانە یەکەم ساموئێل 21‏:10‏–22‏:1.‏‏
  46. 35‏:2 یان زرێ: بەڕگێکی کانزاییە کە لە کاتی شەڕ دەپۆشرێت.‏